ناوهڕۆك
ئاڕاستە دەروونیەکان چین؟
مرۆڤ بە بەردەوامی دووچاری چەندین وروژێنەر دەبێت، کە بەردەوام ئەم وروژێنەرانە لە هەوڵی ئەوەدان ئاڕاستەکانی تاک بەرەو لایەک ببات، بۆ نمونە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕۆژانەمان بەردەوام باسی هەندێک بابەت دەکرێت، بەبێ ئەوەی هەست بکەین ئاڕاستەیەکی دیاریکراو دروست بکەین بەرامبەر ڕووداوەکانی ڕۆژانەمان، لەلایەکی ترەوە ئەو ڕیکلامانەی ڕۆژانە بەرچاومان دەکەوێت وامان لێدەکات شت بکڕین و مەیلی جۆرێک یان بەرهەمێک لە بەرهەمەکانمان هەبێت. واتە هەموو وروژێنەرەکانی دەوروبەرمان جا چ ئەم وروژێنەرە (خێزانمان بێت یان هاوڕێمان، مزگەوتەکان، زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنی و هتد) وامان لێدەکای ئاڕاستەی تایبەت بەرامبەری دروستبکەین جا چ پۆزەتیڤ بێت یان بە نێگەتیڤ.
وشەی ئاڕاستەکان وەرگێڕانی وشەی (attitude) لە زمانی ئینگلیزیەوە، فەیلەسوفی ئینگلیزی هربرت سپێنسەر یەکەم کەس بوو ئەم وشەیەی بەکارهێنا لە ساڵی ١٨٦٢ز لە کتێبەکەی (بنەما سەرەتاییەکان).
پێناسەی ئاڕاستە دەروونیەکان
ئاڕاستەکان یەکێکە لە بابەتەکانی هەرە گرنگ لە دەروونزانی کۆمەڵایەتی، پێناسەی زۆری بۆ کراوە و یەکێک لە پێناسەکانی ئەو پێناسەیەیە کە زانا (ئەلبۆرت) دایڕشتووە بەم شێوەیەیە (حاڵەتێکە لە ئامادەباشی دەماری و دەروونی ڕێکخراو لە دەرئەنجامی شارەزایی کەسەکە دروستدەبێت و کاریگەری لەسەر وەڵامدانەوەی کەسەکە دەبێت بۆ هەموو ئەو بابەت و بارودۆخانەی کە ئەم وەڵامدانەوە دەوروژێنێت).
ئەگەر بێتو ئێمە ئەم پێناسەیە شی بکەینەوە چەند بیرۆکەمان دێتە دەست وەک:
١- ئاڕاستەکان حاڵەتێکی سۆزییە، بەستراوە بە بابەتێکی دیاریکراو لە (قبوڵ کردن و ڕەتکردنەوە) ڕێژەی (قبوڵکردن و ڕەتکردنەوە).
٢- شارەزایی پێشوی کەسەکە کاریگەری هەیە لەسەر بابەتی ئاڕاستەکان، واتە شارەزایی کۆنی مرۆڤ دەربارەی بابەتەکان کاریگەری لەسەر ئاڕاستە تازەکانی هەیە.
هەندێک لە زانا کۆمەڵایەتیەکان پێیان وایە ئاڕاستەکان لەسەر هێڵێکی ڕاستە کە لە دوو جەمسەر پێکدێت، یەکێکیان بەهێزترین قبوڵکردنە و ئەوەکەی تریان بەهیزترین ڕەتکردنەوەیە و لە ناوەڕاستی خاڵی بێ لایەنە.